|
منداڵ
به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه
به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه به‌سه‌رهاتی سێزده‌هه‌م: مامۆستای وانه‌ی چیرۆك رووی كرده دوورگه و گوتی: دوورگه‌گیان نۆره‌ی تۆیه، وه‌ره با بزانین تۆ چ جۆره چیرۆكێكت بۆ نووسیوین! دوورگه چوو. له‌به‌رده‌م ته‌خته سپییه‌كه راوه‌ستا. جاران ته‌خته‌ی پۆله‌كه‌یان ره‌ش بوو. ئێستا سپییه. دوورگه رووی كرده هاوپۆلییه‌كانی، رۆژباشی پێ گوتن. ده‌فته‌ری چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌كانی خۆی كرده‌وه و ئاوا ده‌ستی پێ كرد: چاوه‌كانتان بنووقێنن. داهاتوو وه‌بیر خۆتان بهێننه‌وه. لێتان تێك نه‌چێ، مه‌به‌ستم رابردوو نییه. مه‌به‌ستم داهاتوویه. به‌ڵێ ده‌كرێ داهاتووش وه‌بیر خۆمان بهێنینه‌وه. ئێمه له داهاتووش دا ژیاوین. چاوه‌كانتان نووقاند؟! زۆر باشه! هاوڕێ باشه‌كانم، داهاتوو وه‌بیر خۆتان بهێننه‌وه. چاوه‌كانتان مه‌كه‌نه‌وه! ئێمه هه‌موومان سه‌رده‌مایه‌ك له داهاتوودا ژیانێكی زۆر و دوور و درێژمان تێپه‌ڕ كردووه. زۆر ناخۆشه ئێمه ته‌نیا بیر له رابردوو بكه‌ینه‌وه. بۆ ده‌بێ ئێمه ته‌نیا خۆمان فێری وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی رابردوو كردبێ؟! ئه‌ی بۆ خۆمان فێر نه‌كردووه داهاتووش وه‌بیر خۆمان بهێنینه‌وه؟! ها..! چاوه‌كانتان بنووقێنن و وه‌بیر خۆتانی بهێننه‌وه كه له داهاتوودا چیتان كردووه، چیتان دیتووه و چیتان گوتووه؟! جارێ پێش ئه‌وه‌ی ئێوه بیره‌وه‌رییه‌كانی داهاتووتان وه‌بیر خۆتان بهێننه‌وه، راوه‌ستن با له‌پێشدا من بیره‌وه‌رییه‌كی زۆر خۆشی داهاتووی خۆمتان بۆ بگێڕمه‌وه: له‌بیرمه له‌داهاتوودا ئه‌وكاته‌ی هه‌موومان گه‌وره ببووین. ئه‌وكاته‌ی هه‌ریه‌كه‌مانو به‌جیا له‌شوێنێكی ئه‌م سه‌ر زه‌وینه خه‌ریكی ژیان و خوێندن و كاری خۆمان بووین. ئه‌وكاته‌ی كوڕه‌كان هه‌موویان ریش و سمێڵیان ده‌تاشی و كچه‌كانیش مه‌مكیان كردبوو. رۆژێكی.. یه‌كێك له رۆژه هه‌ره خۆشه‌كانی داهاتوو، له زانكۆی شارێكی دوور، كوتووپڕ چاوم به كوڕێكی خوێن شیرن و له‌به‌ردڵان كه‌وت. هه‌ركه چاوم پێی كه‌وت دڵم وه‌كوته‌كوت كه‌وت . خۆم پێ رانه‌گیرا و ماڵاواییم له هاوڕێكانم كرد و، له كوڕه خوێن شیرنه‌كه چوومه پێشێ. دوای چاك و چۆنی و هه‌وڵ پرسی، یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ كوڕه خوێن شیرنه‌كه باوه‌شمان به‌یه‌كتری داكرد و تێر و پڕمان یه‌كتر ماچ كرد. ئاخر ده‌زانن بۆ؟ چوونكه ئه‌و كوڕه رێبوار بوو! رێبوار!!! ئه‌م رێبواره هاروهاجه‌ی ئێستای پۆله‌كه‌مان! هاوڕێیان.. ئه‌گه‌ر پێتان بڵێم كه له دهاتوودا رێبورار چه‌نده ئارام و رۆح سووك و میهره‌بان ببوو، باوه‌ڕ ناكه‌ن! به‌ڵام باوه‌ڕ بكه‌ن رێبوار له‌داهاتوودا زۆر له‌به‌ردڵان و میهره‌بان و ئارام ببوو. رێبوارم ده‌مێك ساڵ بوو نه‌بینی بوو. ئاخر كاتێك من و رێبوار پۆلی پێنجی سه‌ره‌تایی بووین، ماڵی رێبوار و ئه‌وان سه‌فه‌ریان كرد بۆ شارێكی دیكه. ئه‌و رۆژه دوای بیست ساڵ من و رێبوار زۆر قسه‌مان كرد، زۆرمان باسی بیره‌وه‌رییه‌كانی رابردوو و ئێستا بۆیه‌كتری كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌و چیرۆكه‌ی كه ئێستا بۆتانی ده‌خوێمه‌وه، باسی ئه‌وه‌شمان كرد. له‌بیرمه له داهاتوودا دوای ئه‌وه‌ی من و رێبوار یه‌كترمان ناسییوه رێبوار هه‌مووجارێ به‌گاڵته پێی ده‌گوتم: ئه‌وه دوورگه‌ی باوك چڵكن به‌هیوای چی بووی؟ ده‌تهه‌ویست كوڕی خه‌ڵك هه‌ڵفریوێنی؟ ئه‌وه له دووره‌وه ئه‌و چاو چاوێنه‌ت له‌چی بوو؟ منیش رۆژێكی به قه‌ستی خۆم قه‌ڵس كرد و گوتم: رێبوار! رێبواری هار و هاج! ده‌زانی چۆنه؟ ئه‌وه‌ی راستی بێ.. یه‌كه‌مجار كه تۆم له دووره‌وه بینی نه‌مناسییه‌وه، به‌ڵام دڵم زۆر به‌توندی بۆتی لێده‌دا! له دڵی خۆمدا گوتم: ئێستا ده‌چم به‌و كوڕه خوێن شیرنه ده‌ڵێم: ئه‌رێ كوره خوێن شیرنه‌كه بۆ نایه‌ی به‌یه‌كه‌وه زه‌ماوه‌ند بكه‌ین؟! هه‌ركه ئه‌و قسه‌یه‌م كرد، له‌گه‌ڵ رێبوار یه‌ك ساعه‌تی ته‌خت و ته‌واو، وه‌ك دوو شێتی ده‌روونپاك به‌خۆمان پێكه‌نیین. رێبوار به گاڵته گوتی: ده‌ی باشه ئه‌ی كچی باش ئه‌گه‌ر وایه بۆ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و مێرووله زه‌رده بچكۆلانه‌یه نایه‌ی شووم پێ بكه‌ی؟! به‌و قسه‌یه‌ش زۆر پێ كه‌نیین. ئه‌وفێڵه‌زانه چیرۆكه‌كانی سه‌رده‌می منداڵیمی وه‌بیر ده‌هێنامه‌وه. ئاخر ئه‌و به‌منداڵی هه‌میشه گاڵته‌ی به چیرۆكه‌كانی من ده‌هات، ئه‌و ته‌نیا ئه‌و چیرۆكه‌ی ئێستامی پێ خۆش بوو ـ ئه‌وه‌ی ئێستا بۆتانی ده‌خوێنمه‌وه ـ ده‌نا زۆربه‌ی ئه‌وانی دیكه‌می پێ خۆش نه‌بوو. گوتم: نا.. رێبواری هار و هاج! با له گاڵته بێینه ده‌رێ و بڕێك به به‌بێ گاڵته قسه بكه‌ین. ئیتر من گوتم: رێبوار گیان، من له‌دوای ئه‌وه‌ی هاتم بۆ لات و به‌یه‌كه‌وه قسه‌مان كرد و یه‌كترمان ناسییه‌وه، هه‌م خۆشحاڵ بووم و هه‌م ناره‌حه‌ت. رێبوار گوتی: چۆن؟ بۆ؟! منیش گوتم: به‌وه‌یان خۆشحاڵ بووم كه ئه‌تۆم دوای ساڵانێكی زۆر له‌سه‌ڕا بینییه‌وه، به‌ڵام به‌وه نارحه‌ت بووم كه زانیم ئه‌و دڵه‌كوته‌یه‌ی به بینینی یه‌كه‌مجاری تۆ بۆم سازبوو، هی دڵه كوته‌ی دۆزینه‌وه‌ی هاوسه‌ری داهاووی ژیانم نه‌بوو، به‌ڵكوو دڵه كوته‌ی دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویستی سه‌رده‌می منداڵیم بوو. هه‌ر بۆیه ئێمه نابێ جارێ بیر له شتێكی وه‌ك زه‌وماوند بكه‌ینه‌وه، چوونكه دڵه‌كوته‌كه‌ی من دڵه‌كوته‌ی دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێیه‌كی سه‌رده‌می منداڵیم بووه، نه‌ك دڵه‌كوته‌ی دۆزینه‌وه‌ی هاوسه‌ری ژیانم. رێبوار بڕێكی بیر له قسه‌كه‌ی دوورگه كرده‌وه و گوتی: تا راده‌یه‌ك راست ده‌كه‌ی دوورگه‌گیان، به‌ڵام یه‌كجار واش نییه، له‌وانه‌شه دڵت راستی كردبێ! به‌ڵام با به‌قه‌سه‌ی تۆبێ و جارێ بیر له‌شتی وا نه‌كه‌ینه‌وه و هه‌ڵیگرین بۆ دواتر، به‌ڵكوو دواتر ئه‌و دڵه‌كوته‌یه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌ی له‌نێوان من و تۆش دا ساز بوو. ئه‌و رۆژه من رێبوار جارێكی دیكه یه‌كترمان ماچ كرده‌وه و، وه‌ك سه‌رده‌می منداڵیمان بووینه‌وه به‌هاوڕێی یه‌كتری. من و رێبوار سێ چوار ساڵی دیكه‌ش له‌و زانكۆیه‌ی داهاتوودا به‌یه‌كه‌وه هاوڕێ بوون، به‌ڵام ئێمه بۆ هه‌میشه وه‌ك دوو هاوڕێ ماینه‌وه. رێبوار خۆشه‌ویست و هاوسه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆی دۆزییه‌وه و به‌یه‌كه‌وه زه‌ماوه‌ندیان كرد و، منیش.. منیش.. نا.. من هی خۆمتان پێ ناڵێم، ئاخر ئه‌وه‌ی خۆم چیرۆكێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره و دوور و درێژی هه‌یه، ئه‌گه‌ریش زۆر حه‌زده‌كه‌ن بزانن من چیم كرد، ئه‌وه به‌خه‌یاڵی خۆتان سه‌فه‌ر بكه‌ن بۆ داهاتوو و، وه‌رن له‌وێ به‌چاوی خۆتان ببینن كه من له‌وه‌ێ چم كردووه. دوورگه چیرۆكه‌كه‌ی ته‌واو بوو، مامۆستا و هاوپۆلییه‌كانی هه‌موویان چاویان زه‌ق زه‌ق ببوو، ئه‌وه‌نده سه‌ریان لێ سووڕمابوو نه‌بێته‌وه. رێبورا هه‌ر هێنده‌ی ئه‌و چیرۆكه پێ خۆش بوو، هۆشی له خۆی بڕابوو. دوورگه به‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه ده‌یهه‌ویست پێمان بڵێ: وه‌رن با زۆر له‌دنیای رابردوودا نه‌ژین و زۆر بیر له رابردوو نه‌كه‌ینه‌وه، وه‌رن با بڕێكیش دنیای داهاتوومان بێهێننه پێش چاومان با بزانین له‌وێ چین و چۆنین و خه‌ریكی چین!؟ له‌وانه‌یه ئێمه هه‌موومان سه‌رده‌مایه‌كی له‌داهاتووش دا ژیابێتین. پێ ده‌چێ ئێمه هه‌موومان رۆژگارێكی دوور، له‌وسه‌ری داهاتووڕا، له‌گه‌ڵ دنیایه‌ك دڵۆپه بارانی به‌خوڕ، یان له‌گه‌ڵ هه‌زاران باوه‌ش كولووی به‌فری باڵدار، یان له‌گه‌ڵ بێ ئه‌ژمار تیشكی هه‌تاوی به‌ری به‌یانیان، یان له‌گه‌ڵ سه‌دان "با"ی جۆراوجۆر، به‌ربووبێتینه‌وه يان سه‌فه‌رمان كردبێت بۆ سه‌ر ئه‌م سه‌رزه‌وینی ئێستایه‌مان و داهاتوومان له‌بیر چووبێته‌وه. كه‌واته وه‌رن با خۆمان فێر بكه‌ین داهاتوو وه‌بیر خۆمان بهێنه‌وه، با بزانین له داهاتوودا چی بووین؟ چۆن بووین؟ چمان ده‌كرد؟ ئه‌گه‌ر زانیمان له‌وداهاتوویه‌ی پێشووماندا زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین، ئه‌گه‌ر زانیمان ئه‌و داهاتوویه‌ی رابردوومان داهاتوویه‌كی باش نه‌بووه، با هه‌وڵ بده‌ین له ئێستاوه خۆمان بۆ سه‌ركه‌وتن له داهاتووی داهاتوودا به‌هێز بكه‌ین. درباره وبلاگ ![]() منداڵان ئه‌وه‌یان باشه كه نازانن فریودانی خه‌ڵك چییه، خه‌ڵ به چاو ئه‌ڕوانن، به لێو پێ ئه‌كه‌نن و به زار ئه‌دوێن، له‌كاتێكا منداڵان هه‌مووی ئه‌مانه به دڵ ئه‌كه‌ن. ......................................... پیوندهای روزانه پيوندها |
||