|
منداڵ
به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه
به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه به‌سه‌رهاتی دوازده‌هه‌م: به‌سه‌رهاتی یه‌كتر ناسینی دوورگه و ژیلوان نامه‌یه‌ك له دوورگه‌وه بۆ ژیلوان: ژیلوان گیان سڵاو!چۆنی به‌قوربان؟ باشی گوڵه‌گیان؟ زۆرم پێخۆشه كه من یه‌كه‌م كه‌سم له‌پێش دایه که‌ژێ گیان و بابه عه‌دێ گیانت، له وێبلاگه‌كه‌ت دا قسه‌ت بۆ داده‌نێم. زۆریشم پێ خۆشه چوونكه وێبلاگت هه‌یه و منیش هه‌مه، جا بۆیه ده‌بم به ئاواڵت. به بابت بڵێ ئه‌گه‌ر سه‌ردانی وێبلاگه‌كه‌تى كرد، له‌بیری نه‌چێ قسه‌كانی منت بۆ بگێڕێته‌وه! من دڵنیام تۆ له قسه‌كانی من تێده‌گه‌ی. ئاخر من ئه‌وه‌نده‌م منداڵ خۆش ده‌وێ نه‌بێته‌وه. هه‌ر بۆیه باشیش ده‌توانم منداڵان له قسه‌كانی خۆم تێ بگه‌یه‌نم. به پووله ئاره‌زووشتم گوتووه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مامه ناسرت شوویان به‌یه‌كتر كرد، ده‌بێ نه‌وت و شه‌ش خوشك و برایه‌كم بۆ سازبكه‌ن، ئاخر من بۆخۆم كچم و منداڵی كچیشم زۆر خۆش ده‌وێ، دیاره منداڵی كوریشم زۆر خۆش ده‌وێ، به‌ڵام یه‌كدانه برامان بسه، ده‌زانی بۆ؟ ئێستا پێت ناڵێم، دوایه پێت ده‌ڵێم كه بۆچی یه‌ك برامان به‌سه، جارێ با ئه‌م قسه‌یه وه‌ك رازێك له به‌ینی خۆم خۆتدا بمێنێته‌وه، باشه ژیلوان گیان! ئێ زۆر باشه.. منیش ناوم"دوورگه"یه، هێشتا له پشتی باوكه ناسر و دایكه ئاره‌زوومدام، من له دووره‌وه ئاگام له دنیای ئێوه هه‌یه، دنیای ئێوه زۆر خۆشه، دنیای ئێمه‌ش زۆر خۆشه، ژیلوان گیان من جارێ ناتوانم بێم بۆ نێو دنیای ئێوه، ئاخر ده‌زانی بۆ ؟ چوونكه من له‌شم له دنیای پشتی باوكم دایه و رۆحیشم له دنیای پشتی دایكم دایه، تاكوو باوك و دایكشم به‌یه‌كه‌وه نه‌خه‌ون و هه‌ردووك دنیای خۆیان تێكه‌ڵ نه‌كه‌ن و له‌ش و رۆحى منيش پێكه‌وه نه‌نووسێننه‌وه، خۆ ناتوانم بێمه سه‌ر دنیای ئێوه، به‌ڵام قه‌ولت پێ ده‌ده‌م، یانی به‌ڵێنت پێ ده‌ده‌م، ئه‌گه‌ر بابه ناسر و دایه ئاره‌زوو منیان تێكه‌ڵكرد حه‌تمه‌ن دێم بۆ سه‌ردانت. باشه به‌قوربان. ژیلوان گیان ده‌زانی چییه؟! پشتی باوكم زۆر خۆشه، زۆریش گه‌رمه، به‌ڵام جار جاره رقم له بابه ناسرم هه‌ڵده‌ستێ، ئاخر ده‌زانی بۆ؟ چوونكه بابه ناسر سیگار ده‌كێشێ، ده‌زانی سیگار چییه؟ ئا.. به كوردی به سیگار ده‌ڵێن: جگه‌ره. بابه ناسر سیگار ده‌كێشێ من ده‌قۆخم، زۆر ناخۆشه، جاری وایه ئه‌وه‌نده دووكه‌ڵ ده‌كا، هه‌ر ده‌ڵێی قۆڵه كووره‌یه. به‌قوربانی دایه ئاره‌زووم بم، ده‌زانی بۆ، چوونكه ئه‌و جگه‌ره ناكێشێ، بابه ناسریش قه‌ولی به دایه ئاره‌زووم داوه شه‌ش مانگ پێش له‌وه‌ی ئه‌من بنێرنه نێو دنیای منداڵدانی دایكمه‌وه، سیگار نه‌كێشێ! بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك دێمه دنیای ئێوه به نه‌خۆشی نه‌یه‌م و بتوانم هه‌ڵات هه‌ڵات بكه‌م و پێ بكه‌نم. هه‌ر بۆیه به‌قوربانی بابه ناسریشم بم! ژیلوان گیان ده‌زانی دایه ئاره‌زوو و باوكه ناسر چۆن منیان سازكردووه؟ باوك و دایكم منیان له شیله‌ی گژ و گیا و خه‌ك و خۆڵی كوردستان سازكردووه، بابه ناسرم چێشتی ئه‌وه‌نده خۆش خۆش ساز ده‌كات نه‌بێته‌وه، دیاره جاری واشه چێشتی ئه‌وه‌نده سه‌یریش سازده‌كات كه‌س پێ ناخورێ! هه‌مووشتێك تێكه‌ڵ ده‌كات، ئاخر چۆن شتی وا ده‌بێ؟ ده‌ی حه‌تمه‌نه ده‌بێ بۆیه تێكه‌ڵی ده‌كات ئیدی! بابه ناسر هه‌مووجارێ له‌و چێشتانه به‌شی منیش ده‌دات، منیش هه‌ندێكیان له‌به‌ر دڵی خۆم ده‌خۆم و هه‌ندێكیشان له‌به‌ر دڵی بابم ده‌خۆم. هه‌ندێكیشیان هه‌ر ناخۆم، یانی هه‌ر پێم ناخورێ خۆ زۆری نییه، وه‌ك چۆن تۆ له منداڵی تاقه‌تی شیر خواردنت نه‌بوو، منیش رێك ئاوا. ده‌زانی ژیلوان گیان قاپی چێشت خواردنه‌كه‌ی من چه‌نده ده‌بێ؟ نازانی؟! هیچ نییه بۆخۆم پێت ده‌ڵێم: قاپی چێشت خواردنه‌كه‌ی من به‌قه‌ت قاپی چێشت خواردنی مێرووله‌یه‌كی زه‌ردی بچۆكۆله ده‌بێ، ئاخر من زۆر بچكۆله‌م، هه‌ر به‌قه‌ت مێرووله‌یه‌كی زه‌ردی بچۆكله‌ده‌بم و له پشتی باوك و دايكم دام. ژیلوان گیان ده‌زانی من چیم پێ خۆشه؟ ئه‌وه‌نده‌م پێ خۆشه ئه‌م به‌شه‌م له پشتی باوكمه‌وه بچێته زگی دایكمه‌وه نه‌بێته‌وه.. نه‌بێته‌وه! ئاخر من له پشتی باوكم دا به‌ته‌نێ لاق و ده‌ست وسه‌ر و چاو و لووت و برۆ و ده‌م و لێوم هه‌یه، به‌شه‌كانی دیكه‌ی گیانی من یانی مێشك و دڵ و جه‌رگ خوێنه‌كه‌م له پشتی دایكم دان، جا بۆیه تا دایكه ئاره‌زوو و باوكه ناسرم به‌یه‌كه‌وه نه‌خه‌ون و هه‌ردووك دنیای خۆیان تێكه‌ڵ نه‌كه‌ن و له‌ش و رۆحى منيش پێكه‌وه نه‌نووسێننه‌وه، ئه‌من ناتوانم بێمه دنیای ئێوه. ئه‌وكات كه به‌یه‌كیشه‌وه خه‌وتن ده‌بێ نۆ مانگ له دنیا و لانكه‌ی زگی دایكم دابم، تاكوو گه‌وره ده‌بم و ده‌توانم بێمه‌ده‌رێ! ئه‌ه‌نده‌م پێ خۆشه ئه‌تۆ و منداڵه‌كانی دیكه‌ی دنیاى ئێوه له نزیكه‌وه ببینم هه‌رنه‌بێته‌وه! ژیلوان گیان ده‌ڵێن دنیای ئێوه زۆر خۆشه، خۆزگه زوو هاتبایه‌م، ده‌ڵێن له دنیای ئێوه‌دا دایك و باوكه‌كان منداڵه‌كانیان ماچ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده‌م پێ خۆشه دایكه ئاره‌زوو و باوكه ناسرم ماچم بكه‌ن نه‌بێته‌وه! خۆزگه‌م به‌خۆت كه تۆ دایكه که‌ژێ گیان و باوكه عه‌دێ گیانت ماچت ده‌كه‌ن. ده‌ڵێن له دنیای ئێوه منداڵه‌كان ده‌چن بۆ قوتابخانه و فێری شت ده‌بن، من خوێنده‌واریم نییه، ده‌زانم تۆش هێشتا نه‌چووی بۆ قوتابخانه به‌ڵام په‌له مه‌كه، با بڕێكی دیكه گه‌وره بی، جا بچۆ بۆ قوتابخانه و فێری نووسین و خوێندنه‌وه به، باشه به‌قوربان! ئه‌وه‌نێ منیش په‌له ناكه‌م! ئه‌ی.. كه خۆشه...! ده‌ڵێن له دنیای ئێوه خۆر و مانگ و ئاو و با و باران و به‌فر و شاخ و شار و گوند و پێكه‌نین هه‌یه، خۆزگه‌م به‌خۆتان! ئه‌م هه‌موو شته خۆشه‌تان هه‌یه! دنیای منیش زۆر خۆشه، لێره‌ش شتی زۆر جوانی تێدایه، به‌ڵام پێم وانییه به‌قه‌ت دنیای ئێوه خۆش بێ، شاری پشتی بابم پڕ پڕه له منداڵی جوان جوان، به‌ڵام قه‌راره من پێش هه‌موویان بێمه دنیای ئێوه، ئاخر ده‌مێكه له‌نۆبه دا راوه‌ستاوم تا نۆره‌م هاتووه. خۆزگه‌م به‌خۆم. ده‌ی باشه ژیلوان گیان با له‌وه زیاتر ماندووت نه‌كه‌م. به‌ڵام له‌بیرت نه‌چێ، به‌بابت بڵێ ئه‌گه‌ر تاقه‌تی هه‌بوو با هه‌ندێك جار به‌سه‌رهاته‌كانی منت بۆ بخوێنێته‌وه. منیش به‌سه‌ر هاتی خۆشم هه‌یه، ئاخر منیش وه‌ك تۆ بابم به‌سه‌رهاته‌كانم بۆ ده‌نووسێته‌وه. خۆزگه‌م به خۆمان. درباره وبلاگ ![]() منداڵان ئه‌وه‌یان باشه كه نازانن فریودانی خه‌ڵك چییه، خه‌ڵ به چاو ئه‌ڕوانن، به لێو پێ ئه‌كه‌نن و به زار ئه‌دوێن، له‌كاتێكا منداڵان هه‌مووی ئه‌مانه به دڵ ئه‌كه‌ن. ......................................... پیوندهای روزانه پيوندها |
||