تبليغاتX
منداڵ -
 
منداڵ
به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه‌

به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه‌

به‌سه‌رهاتی چواره‌م:

دوورگه‌ له‌ ده‌ركه‌ی حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌كه‌یان هاته‌ ده‌رێ.

كوڕێكی پۆلی چوار، كوڕێكی پۆلی دووی به‌زه‌ویدادا.

دوورگه‌ زۆری پێناخۆش بوو. له‌ كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ چۆپێشێ و گوتی:

ئه‌وه‌ بۆ پاڵ به‌و چووكانه‌وه‌ ده‌نێی.. ها..؟! پێت خۆشه‌ ئه‌تۆش نه‌فه‌رێكی گه‌وره‌تر له‌ خۆت، بێت و پاڵتپێوه‌بنێ و به‌ عه‌رزتدابدا؟!

كوڕه‌كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی دوورگه‌ بداته‌وه‌، پشتی له‌ دوورگه‌ كرد و رۆیشت.

رۆژان ئاگای له‌ هه‌موو شتێك بوو.

ئه‌وكاته‌ی دوورگه‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی پۆلی چوراه‌م قسه‌ی ده‌كرد، رۆژانیش خه‌ریك بوو كوڕه‌ بچكۆله‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی هه‌ڵده‌ستانده‌وه‌ و گیانی بۆ ده‌ته‌كاند.

رۆژان به‌ كوڕه‌ چووكه‌كه‌ی گوت: هیچ نییه‌ به‌قوربان! مه‌گری! ئه‌ها.. ئه‌ها.. دوورگه‌ ده‌یهه‌وێ تۆڵه‌ی تۆی لێبكاته‌وه‌!

منداڵه‌ چووكه‌كه‌، نێفه‌كی پانتۆڵه‌كه‌ی راست كرده‌وه‌،  به‌ ده‌ستێكی ته‌پووتۆزه‌كه‌ی پشت قوونی خۆی ته‌كاند، جانتاكه‌ی به‌كۆڵیدادا،  به‌قۆڵی باڵته‌كه‌ی فرمێسكه‌كانی وشك كرده‌وه‌ و رۆیشته‌وه‌ بۆ ماڵی خۆیان.

كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ دوورگه‌ دووركه‌وته‌وه‌.

دوورگه‌ هه‌رای لێكرد: له‌گه‌ڵ تۆمه‌! بۆ ده‌ڕۆی؟! تۆ پێتخۆشه‌ نه‌فه‌ری له‌خۆت به‌هێزتر لێتبدا؟!

كوڕه‌كه‌ دووركه‌وتبۆوه‌، دوورگه‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ تووڕه‌ ببوو.

رۆژان هاواری له‌ كوره‌ گه‌وره‌كه‌ كرد و گوتی: هۆ...ی كوڕی باش! جارێكی دیكه‌ له‌ منداڵی چووكه‌تر له‌خۆت نه‌ده‌ی! ده‌نا زه‌ره‌ر ده‌كه‌ی!

دوورگه‌ و رۆژان به‌ره‌و ماڵی خۆیان وه‌ڕێكه‌وتن. دوورگه‌ هه‌ر له‌بیری ئه‌و رووداوه‌دابوو.

رۆژان گوتی: دوورگه‌.. دوورگه‌.. چاو.. چاو.. چاو له‌ولاكه‌! چاو ئه‌و هه‌موو فوودانه‌یه‌! بچین بكڕین؟!

دوورگه‌ هۆشی له‌ قسه‌كانی رۆژان و فوودانه‌كان نه‌بوو. هه‌ر له‌بیری ئه‌و رووداوه‌ی به‌رده‌ركی قوتابخانه‌دابوو.

رۆژان له‌دووره‌وه‌ هه‌رای له‌ فوودانه‌ فرۆشه‌كه‌ كرد: خاڵه‌.. خاڵه‌.. ئه‌وه‌ ده‌نكی به‌چه‌نده‌؟!

فوودانه‌ فرۆش گوتی: زۆر هه‌رزانه‌، وه‌ره‌ ئه‌گه‌ر لێم ده‌كڕی!

دوورگه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌بیری ئه‌و رووداوه‌دابوو، ئاگای له‌وه‌ نه‌بوو كه‌ رۆژان چووبوو دوو دانه‌ فوودانه‌ی كڕیبوو و هاتبۆوه‌.

دوورگه‌ گوتی: ئه‌وه‌چه‌ییه‌ رۆژان؟! ئه‌و فوودانه‌ جوانانه‌ت له‌ كوێ كڕیوه‌؟!

رۆژان گوتی: بۆ تۆشم كڕیوه‌، له‌و دوو دانه‌یه‌ یه‌كیان ده‌ده‌م به‌تۆ، كامیانت ده‌وێ؟ زه‌رده‌كه‌ یان سووره‌كه‌؟!

دوورگه‌ گوتی: كه‌یفی خۆته‌! كامیانم ده‌ده‌یه‌ی كه‌یفی خۆته‌!

ئاخر دوورگه‌ هه‌موو ره‌نگه‌كانی پێ جوانه‌ بۆیه‌ به‌ رۆژانی گوت كه‌یفی خۆته‌.

رۆژان فوودانه‌ سووره‌كه‌ی دا به‌ دوورگه‌ و له‌دڵی خۆیدا گوتی: ئۆ... خه‌یش! به‌س نه‌بوو دوورگه‌ داوای فوودانه‌ زه‌رده‌كه‌ی نه‌كرد! ئاخر من ره‌نگی زه‌ردم زۆر پێجوانه‌!!

رۆژان و دوورگه‌ به‌قاقا و به‌ پێكه‌نین ده‌ستیانكرد به‌ هه‌ڵاتن.

په‌تكی فوودانه‌كانیان له‌ قامكیان هاڵاندبوو و به‌ هه‌ڵات هه‌ڵات فوودانه‌كانیان به‌دوای خۆیان راده‌كێشا.

رۆژان گه‌یشته‌ به‌رده‌رگای خۆیان. راوه‌ستا. ده‌ستی خسته‌ ناو ده‌ستی دوورگه‌وه‌. روومه‌تی دوورگه‌ی ماچ كرد و گوتی: دوورگه‌ گیان زۆر بیر له‌و رووداوه‌ی ئه‌مڕۆ مه‌كه‌وه‌، چاكت به‌و كوڕه‌ گه‌وه‌ریه‌ كوت. خۆت ناره‌حه‌ت مه‌كه‌، ئه‌من شانازی به‌ تۆ ده‌كه‌م! چوونكه‌ له‌ قوتابخانه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا تۆ له‌سه‌ر منداڵه‌كان وه‌جواب دێی! من زۆر خۆشحاڵم كه‌ هاوڕێیه‌كی وه‌ك تۆم هه‌یه‌! منداڵه‌كانی دیكه‌ش تۆیان زۆر خۆش ده‌وێ.

دوورگه‌ رۆژانی ماچ كرد و به‌ره‌و ماڵی خۆیان وه‌ڕیكه‌وته‌وه‌.

دوورگه‌ پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌وه‌ بۆ ماڵی خۆیان، له‌ دڵی خۆیدا قسه‌ی ده‌كرد و به‌خۆی ده‌گوت:

باشه‌ چ ده‌بوو قوتابخانه‌كان ئاوا نه‌بوایه‌ن؟! یانی چ ده‌بوو قوتابخانه‌كان به‌پێی پۆل بوایه‌ن؟! بۆ وێنه‌ چ ده‌بوو هه‌رچی منداڵی پۆلی یه‌كه‌مه‌ له‌یه‌ك قوتابخانه‌دا بیانخوێندبایه‌؟! ئه‌گه‌ر قوتابخانه‌كانیان به‌پێی پۆله‌كان دابه‌ش بكردبایه‌ له‌وانه‌بوو باشتر بوایه‌! نا.. نا.. پێم وابێ باشتر وایه‌ هه‌موو پۆله‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ بن!

ئاخر ئه‌گه‌ر هه‌موو پۆله‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ بن، منداڵه‌ چووكه‌كان له‌رووی منداڵه‌ گه‌وره‌كان فێری شتی زیاتر ده‌بن! نا.. نا.. كوا منداڵه‌ گه‌وره‌كان منداڵه‌ چووكه‌كان فێری زنیاری ده‌كه‌ن؟! منداڵه‌ گه‌وره‌كان خۆیان زۆر پێ گه‌وره‌یه‌ و له‌گه‌ڵ منداڵه‌ چووكه‌كان نابن به‌ هاوڕێ!!

دوورگه‌ گه‌یشته‌ به‌رده‌گای ماڵی خۆیان. دوورگه‌ به‌په‌له‌یه‌ دایكی ببینێ، ده‌یهه‌وێ له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دایكی قسه‌ بكا، به‌ڵكوو دایكی پێشنیارێكی باشتری هه‌بێ.

هه‌ربژی بۆ دوورگه‌، چوونكه‌ له‌په‌نای هیچ شتێك بێ بیركردنه‌وه‌ تێپه‌ڕ نابێ. هه‌ربژی دوورگه‌گیان. هه‌ر بژی!

 

 



2007/11/4 :: 3:14 AM ::  نويسنده : ناسر فه‌تحی
درباره وبلاگ

منداڵان ئه‌وه‌یان باشه‌
كه‌ نازانن فریودانی خه‌ڵك چییه‌،
خه‌ڵ به‌ چاو ئه‌ڕوانن،
به‌ لێو پێ ئه‌كه‌نن و
به‌ زار ئه‌دوێن،
له‌كاتێكا
منداڵان هه‌مووی ئه‌مانه‌
به‌ دڵ ئه‌كه‌ن.
.........................................
پيوندها