|
منداڵ
به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه
به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه به‌سه‌رهاتی شه‌شه‌م: دوورگه له پشته‌وه به توندی خۆی خسته سه‌ر پشتی بابه‌گه‌وره‌ی و هه‌ر دووك چاوی گرت. باپیری دوورگه ده‌ستی له‌سه‌ر ده‌سته‌كانی دوورگه دانا و به سه‌بری گوتی: ئه‌وه بێت و نه‌بێ دایكی دوورگه‌یه! دوورگه گوتی: نا! باپیری كوتی: ئه‌گه‌ر وایه بابی دوورگه‌یه! دوورگه گوتی: نا..نا! باپیره‌ی وتی: ئه‌گه‌ر وایه... نازانم؟! دوورگه وتی: چۆن نازانی جوان بیر بكه‌وه، كه‌ی ده‌سته‌كانی دایكی دوورگه به‌قه‌ت ئه‌و ده‌ستانه‌ی من ده‌بێ؟ باپیری دوورگه به‌قه‌ستی وای ده‌كرد، ده‌نا باش ده‌یزانی ئه‌و ده‌سته ناسكۆڵ چووكانهی چاوه‌كانی ئه‌ویان گرتووه، ده‌سته سپی و سۆڵهكانی دوورگه‌یه، به‌ڵام چوونكه حه‌زی له یاری بوو، هه‌ر جاره و به‌قه‌ستی ناوی كه‌سێكی دیكه‌ی ده‌گوت. دوورگه تاقه‌تی نه‌ما و ده‌ستی له‌سه‌ر چاوه‌كانی باپیری هه‌ڵگرت، پێچ و كڵاوه‌كه‌ی له‌سه‌ری بابه‌گه‌وره‌ی هێنا خوارێ و ده‌ستی خسته ناو تووكی سه‌رییه‌وه، له پێشدا قژی سه‌ری لێ هاڵۆزكرد و دوایی ده‌ستی خسته ناو ریش و سمیڵییهوه و هه‌مووی لێ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ كرد! دوورگه یه‌كبه‌خۆی قاقای كێشا‌و خۆی خسته به‌ر ده‌می بابهگهورهیهوه و گوتی: ئه‌ی فێڵه‌زان! ئه‌وه یانی ئه‌وه تۆ نه‌تده‌زانی ئه‌وه ئه‌منم؟! یانی تۆ من ناناسییهوه، باپیرهبهفرینه؟! باپیری دوورگه به‌قه‌ستی هه‌ردووك چاوی زه‌ق كرده‌وه و گوتی: ئه‌وه تۆی؟ به‌سه‌ری كه‌رێ نه‌مناسییه‌وه! دوورگه خه‌ریكه پێده‌كه‌نێ، قاقا ده‌كێشێ و خۆی ده‌خاته سه‌ر پشت و زوو زوو ده‌ڵێ: وه‌ی.. باپیره گیان، وه‌ی.. باپیره گیان، وه‌ی.. باپیرهبهفرینه گیان، وه‌ی.. وه‌ی... ها ها ها... وه‌ی... ها ها ها... ئا...ی زگم، وای باپیره گیان بوورامه‌وه له پێكه‌نینا، وامه‌كه، تووسه‌ری كه‌رێ وامه‌كه! باپیره‌ی دوورگه وازی له خدیلكهدانی دوورگه هێناو خستییه باوه‌شییه‌وه و به پێكه‌نینه‌وه گوتی: ئه‌وه به كێ ده‌ڵێی باپیرهبهفرینه؟! ها؟! كچی سه‌گ بابخێوهكهی خۆم! دوورگه‌ش كه هێشتا له پێكه‌نین نه‌ببۆوه، به پێكه‌نینه‌وه زوو زوو ده‌یگوت: به تۆ، به تۆ، به تۆ! به تۆ ده‌ڵێم! ئه‌رێ به‌سه‌ری كه‌رێ به تۆ ده‌ڵێم! ئه‌ی باپیره به‌فرینه نی، ئه‌ی چی؟! باپره به‌فرینه! باپیره به‌فرینه! باپیره به‌فرینه! به‌قوربانی ئه‌و ریش و سه‌ره ئاڵۆزهت به‌م كه بۆخۆم لێم هاڵۆز كردووی! باپیره‌ی دوورگه زۆر زۆری دوورگه خۆش ده‌وێ، باپیره‌ی دوورگه حه‌وتووی جارێك ده‌چێ بۆ ماڵی دوورگه، باپیره‌ی دوورگه ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر دایكی دوورگه دوورگه‌ی نه‌بوایه، من مانگی جارێكیش نه‌ده‌چووم بۆ ماڵیان، ده‌ڵێ: من هه‌موو حه‌وتوویه‌ك ته‌نیا له‌به‌ر دوورگه ده‌چم بۆ ماڵی كچه‌كه‌م! دوورگه‌ش زۆر زۆری باپیری خۆی خۆش ده‌وێ. ئاخر ده‌زانن زیاترهكهشی له‌به‌ر چی خۆشی ده‌وێ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باپیره‌ی دوورگه زۆر قسه‌خۆشه و یه‌ك كۆڵ به‌سه‌رهاتی سه‌یر و سه‌مه‌ره و چیرۆكی خۆش خۆش ده‌زانێ. دوورگه‌ی له‌به‌ر یه‌ك شتی دیكه‌ش باپیره‌ی خۆی خۆشده‌وێ، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ركات باپیری دهچێتهماڵیان، به باشی گوێ بۆ قسه‌كانی راده‌گرێ و وه‌ڵامی هه‌موو.. هه‌موو پرسیاره‌كانی ده‌داته‌وه! هیچ كاتیش باپیری له شۆخی و یاری و گه‌مه وه‌ڕه‌ز نابێ. ئه‌مجاره‌یان به پێچه‌وانی جاره‌كانی پێشوو، كه هه‌میشه دوورگه پرسیاری له باپیری ده‌كرد، باپیری دوورگه پرسیاری له دوورگه ده‌كرد و دهیگوتی: ئه‌رێ به‌ڕاست دوورگه گیان، ئه‌و ناوه تازه‌یه چییه بۆت دۆزیومه‌ته‌وه؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، كه‌ی ناوی باپیره بهفرینهت بۆ دۆزیومه‌ته‌وه؟ یانی ئه‌و ناوه خۆشه‌ت به تاقی ته‌نیا دۆزیوه‌ته‌وه؟ باشه بۆچی ئه‌و ناوه‌ت لێ ناوم؟! مه‌به‌ستت له ئه‌و ناوه چییه؟! دوورگه زۆر خۆشحاڵ بوو له‌وه‌ی ئه‌مجاره‌یان له جیاتی ئه‌وه‌ی خۆی پرسیار له باپیری بكات، باپیری پرسیاری لێ ده‌كرد! هه‌ر بۆیه زۆر به خۆشحاڵییه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌دایه‌وه. دوورگه گوتی: باپیره گیان،ئه‌و رۆژه بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه كه ناوێكی خۆشت بۆ بدۆزمه‌وه، زۆرم بیر كرده‌وه، زۆر زۆرم بیر كرده‌وه، زۆر ناوم دۆزییه‌وه به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌م پێ خۆش نه‌بوو، ئاخرییهكیه ناچار بووم بچم چاو له وێنه‌كانت بكه‌م، چاوم له هه‌ر وێنه‌یه‌كت ده‌كرد، سه‌ر و ریشت سپی بوو، له دانهیهكیاندا هه‌م جله‌كانت سپی بوون هه‌م سه‌ر و ریشیشت سپی بوو، هه‌ر ده‌تگوت بووكه بفرینه، بۆیه منیش ناوم نای باپیرهبهفرینه! دوورگه و بابه‌گه‌وره‌ی زۆریان قسه كرد، زۆر زۆریش پێ كه‌نین، هه‌تا دڵیشیان حه‌زی كرد به قوربانی یه‌كتر بوون. خۆزگه‌م به منداڵانه‌ی باپیرهكانیان وه‌ك باپیره‌ی دوورگه میهره‌بانن. خۆزگه‌م به خۆیان! درباره وبلاگ ![]() منداڵان ئه‌وه‌یان باشه كه نازانن فریودانی خه‌ڵك چییه، خه‌ڵ به چاو ئه‌ڕوانن، به لێو پێ ئه‌كه‌نن و به زار ئه‌دوێن، له‌كاتێكا منداڵان هه‌مووی ئه‌مانه به دڵ ئه‌كه‌ن. ......................................... پیوندهای روزانه پيوندها |
||