|
منداڵ
به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه
به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه به‌سه‌رهاتی چواره‌م: دوورگه له ده‌ركه‌ی حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌كه‌یان هاته ده‌رێ. كوڕێكی پۆلی چوار، كوڕێكی پۆلی دووی به‌زه‌ویدادا. دوورگه زۆری پێ‌ناخۆش بوو. له كوڕه گه‌وره‌كه چۆپێشێ و گوتی: ئه‌وه بۆ پاڵ به‌و چووكانه‌وه ده‌نێی.. ها..؟! پێت خۆشه ئه‌تۆش نه‌فه‌رێكی گه‌وره‌تر له خۆت، بێت و پاڵتپێوه‌بنێ و به عه‌رزتدابدا؟! كوڕه‌كه به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی دوورگه بداته‌وه، پشتی له دوورگه كرد و رۆیشت. رۆژان ئاگای له هه‌موو شتێك بوو. ئه‌وكاته‌ی دوورگه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی پۆلی چوراه‌م قسه‌ی ده‌كرد، رۆژانیش خه‌ریك بوو كوڕه بچكۆله‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی هه‌ڵده‌ستانده‌وه و گیانی بۆ ده‌ته‌كاند. رۆژان به كوڕه چووكه‌كه‌ی گوت: هیچ نییه به‌قوربان! مه‌گری! ئه‌ها.. ئه‌ها.. دوورگه ده‌یهه‌وێ تۆڵه‌ی تۆی لێبكاته‌وه! منداڵه چووكه‌كه، نێفه‌كی پانتۆڵه‌كه‌ی راست كرده‌وه، به ده‌ستێكی ته‌پووتۆزه‌كه‌ی پشت قوونی خۆی ته‌كاند، جانتاكه‌ی به‌كۆڵیدادا، به‌قۆڵی باڵته‌كه‌ی فرمێسكه‌كانی وشك كرده‌وه و رۆیشته‌وه بۆ ماڵی خۆیان. كوڕه گه‌وره‌كه له دوورگه دووركه‌وته‌وه. دوورگه هه‌رای لێ‌كرد: له‌گه‌ڵ تۆمه! بۆ ده‌ڕۆی؟! تۆ پێتخۆشه نه‌فه‌ری له‌خۆت به‌هێزتر لێتبدا؟! كوڕه‌كه دووركه‌وتبۆوه، دوورگه دوو ئه‌وه‌نده‌ی دیكه تووڕه ببوو. رۆژان هاواری له كوره گه‌وره‌كه كرد و گوتی: هۆ...ی كوڕی باش! جارێكی دیكه له منداڵی چووكه‌تر له‌خۆت نه‌ده‌ی! ده‌نا زه‌ره‌ر ده‌كه‌ی! دوورگه و رۆژان به‌ره‌و ماڵی خۆیان وه‌ڕێكه‌وتن. دوورگه هه‌ر له‌بیری ئه‌و رووداوه‌دابوو. رۆژان گوتی: دوورگه.. دوورگه.. چاو.. چاو.. چاو له‌ولاكه! چاو ئه‌و هه‌موو فوودانه‌یه! بچین بكڕین؟! دوورگه هۆشی له قسه‌كانی رۆژان و فوودانه‌كان نه‌بوو. هه‌ر له‌بیری ئه‌و رووداوه‌ی به‌رده‌ركی قوتابخانه‌دابوو. رۆژان له‌دووره‌وه هه‌رای له فوودانه فرۆشه‌كه كرد: خاڵه.. خاڵه.. ئه‌وه ده‌نكی به‌چه‌نده؟! فوودانه فرۆش گوتی: زۆر هه‌رزانه، وه‌ره ئه‌گه‌ر لێم ده‌كڕی! دوورگه ئه‌وه‌نده له‌بیری ئه‌و رووداوه‌دابوو، ئاگای له‌وه نه‌بوو كه رۆژان چووبوو دوو دانه فوودانه‌ی كڕیبوو و هاتبۆوه. دوورگه گوتی: ئه‌وه‌چه‌ییه رۆژان؟! ئه‌و فوودانه جوانانه‌ت له كوێ كڕیوه؟! رۆژان گوتی: بۆ تۆشم كڕیوه، له‌و دوو دانه‌یه یه‌كیان ده‌ده‌م به‌تۆ، كامیانت ده‌وێ؟ زه‌رده‌كه یان سووره‌كه؟! دوورگه گوتی: كه‌یفی خۆته! كامیانم ده‌ده‌یه‌ی كه‌یفی خۆته! ئاخر دوورگه هه‌موو ره‌نگه‌كانی پێ جوانه بۆیه به رۆژانی گوت كه‌یفی خۆته. رۆژان فوودانه سووره‌كه‌ی دا به دوورگه و له‌دڵی خۆیدا گوتی: ئۆ... خه‌یش! به‌س نه‌بوو دوورگه داوای فوودانه زه‌رده‌كه‌ی نه‌كرد! ئاخر من ره‌نگی زه‌ردم زۆر پێجوانه!! رۆژان و دوورگه به‌قاقا و به پێكه‌نین ده‌ستیانكرد به هه‌ڵاتن. په‌تكی فوودانه‌كانیان له قامكیان هاڵاندبوو و به هه‌ڵات هه‌ڵات فوودانه‌كانیان به‌دوای خۆیان راده‌كێشا. رۆژان گه‌یشته به‌رده‌رگای خۆیان. راوه‌ستا. ده‌ستی خسته ناو ده‌ستی دوورگه‌وه. روومه‌تی دوورگه‌ی ماچ كرد و گوتی: دوورگه گیان زۆر بیر له‌و رووداوه‌ی ئه‌مڕۆ مه‌كه‌وه، چاكت به‌و كوڕه گه‌وه‌ریه كوت. خۆت ناره‌حه‌ت مه‌كه، ئه‌من شانازی به تۆ ده‌كه‌م! چوونكه له قوتابخانه‌ی ئێمه ته‌نیا تۆ له‌سه‌ر منداڵه‌كان وه‌جواب دێی! من زۆر خۆشحاڵم كه هاوڕێیه‌كی وه‌ك تۆم هه‌یه! منداڵه‌كانی دیكه‌ش تۆیان زۆر خۆش ده‌وێ. دوورگه رۆژانی ماچ كرد و به‌ره‌و ماڵی خۆیان وه‌ڕیكه‌وته‌وه. دوورگه پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌وه بۆ ماڵی خۆیان، له دڵی خۆیدا قسه‌ی ده‌كرد و به‌خۆی ده‌گوت: باشه چ ده‌بوو قوتابخانه‌كان ئاوا نه‌بوایه‌ن؟! یانی چ ده‌بوو قوتابخانه‌كان به‌پێی پۆل بوایه‌ن؟! بۆ وێنه چ ده‌بوو هه‌رچی منداڵی پۆلی یه‌كه‌مه له‌یه‌ك قوتابخانه‌دا بیانخوێندبایه؟! ئه‌گه‌ر قوتابخانه‌كانیان به‌پێی پۆله‌كان دابه‌ش بكردبایه له‌وانه‌بوو باشتر بوایه! نا.. نا.. پێم وابێ باشتر وایه هه‌موو پۆله‌كان به‌یه‌كه‌وه بن! ئاخر ئه‌گه‌ر هه‌موو پۆله‌كان به‌یه‌كه‌وه بن، منداڵه چووكه‌كان له‌رووی منداڵه گه‌وره‌كان فێری شتی زیاتر ده‌بن! نا.. نا.. كوا منداڵه گه‌وره‌كان منداڵه چووكه‌كان فێری زنیاری ده‌كه‌ن؟! منداڵه گه‌وره‌كان خۆیان زۆر پێ گه‌وره‌یه و له‌گه‌ڵ منداڵه چووكه‌كان نابن به هاوڕێ!! دوورگه گه‌یشته به‌رده‌گای ماڵی خۆیان. دوورگه به‌په‌له‌یه دایكی ببینێ، ده‌یهه‌وێ له‌و باره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ دایكی قسه بكا، به‌ڵكوو دایكی پێشنیارێكی باشتری هه‌بێ. هه‌ربژی بۆ دوورگه، چوونكه له‌په‌نای هیچ شتێك بێ بیركردنه‌وه تێپه‌ڕ نابێ. هه‌ربژی دوورگه‌گیان. هه‌ر بژی! به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه به‌سه‌رهاتی سێهه‌م: دوورگه گوتی: دایه‌گیان ده‌ترسم! ئه‌وه یه‌كه‌مجاره كه دوورگه باسی ترس ده‌كا. دایكی گوتی: زۆر سه‌یره! قه‌تم ئه‌و قسه‌یه له تۆ نه‌بیستبوو! بۆ ده‌ترسی دوورگه‌گیان؟! له‌چی ده‌ترسی ماڵه‌كه‌م؟! دوورگه له دڵی خۆیدا گوتی: ئه‌گه‌ر زوو دایكم له مه‌به‌سته‌كه‌ی خۆم تێ نه‌گه‌یه‌نم، له‌وانه‌یه وا بیربكاته‌وه كه من فێری ترسه‌نۆكی بووم! هه‌ر بۆیه، بۆ ئه‌وه‌ی دایكی به هه‌ڵه بیرنه‌كاته‌وه، درێژه به قسه‌كانی ده‌دا و ده‌ڵێ: ده‌ترسم له‌وه‌ی زوو گه‌وره نه‌بم، ده‌ترسم له‌وه‌ی تا كاتێك كه گه‌وه‌ره ده‌بم هه‌موو دوورگه نه‌دۆزراوه‌كانیش بدۆزرێنه‌وه و هیچ دوورگه‌یه‌ك نه‌مێنێ بۆ ئه‌وه‌ی من بیدۆزمه‌وه. دایكی دوورگه باش له‌و قسه‌یه‌ی دوورگه تێ نه‌گه‌یشت. نا.. نا.. هه‌ر تێنه‌گه‌یشت! هه‌ر نه‌شی زانی مه‌نزووری دوورگه چییه، چوونكه دایكی دوورگه خۆ نه‌یده‌زانی، دوورگه به‌هیوایه ئه‌گه‌ر گه‌وه‌ره بوو، بچێ به‌دوای دوورگه‌كه‌ی خۆیدا بگه‌ڕێ! ئاخر رازی گه‌ڕان به‌دوای دوورگه، یه‌كێك له رازه‌كانی دوورگه‌یه، كه ته‌نیا بۆ رۆژانی باس كردووه. خۆ دوورگه ئه‌م رازه‌ی بۆ دیكی باس نه‌كردرووه! هه‌ر بۆیه دایكی دوورگه، به‌و قسه‌یه‌ی دوورگه، چاوه‌كانی زه‌ق زه‌ق ده‌بێته‌وه و چاو ده‌بڕێته چاوی دوورگه، به‌ڵام نازانێ بڵێ چی!؟ یانی نازانێ چ وه‌ڵامێكی بداته‌ه‌وه؟! دوورگه له‌ڕێوه زانیی كه قسه‌كه‌ی پێشووی هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا بووه، ئاخر ئه‌و نه‌ده‌بوایه له لای دایكی باسی دۆزینه‌وه‌ی دوورگه‌ی كردبایه! چوونكه خۆ قه‌رار نه‌بوو ئه‌و رازه جیار له رۆژان كه‌سێكی دیكه بیزانێ! هه‌ر بۆیه دوورگه زۆر فیڵه‌زانانه قسه‌كه‌ی پێشووی خۆی ده‌گۆڕێ و ده‌ڵێ: ئه‌رێ دایه‌گیان! بۆچی گه‌وه‌ره‌كان له هیچ ناترسن؟! به‌ڵام چووكه‌كان له شوێنی تاریك و بێده‌نگ و دوور ده‌ترسن؟! دوورگه بۆ خۆی نه له شوێنی تاریك ده‌ترسێ، نه له جێگای بێده‌نگ ده‌ترسێ، نه له شوێنی دووریش ده‌ترسێ! ئه‌و پرسیاره فێڵه‌زانانه‌یه‌شی له‌به‌ر ئه‌وه كرد تا دایكی قسه‌كه‌ی پێشووی له بیر بچێته‌وه. به‌ڵام دایكی دوورگه‌ش زۆر زیره‌ك و وریایه، هه‌ر بۆیه له‌دڵی خۆیدا، له‌رێوه زانیی كه دوورگه‌ی فێڵه‌زان شتێكی لێ شارده‌وه! به‌ڵام دایكی دوورگه حه‌زی نه‌كرد له دوورگه بپرسێ: ئه‌و شته چییه!؟ ئاخر ئه‌گه‌ر له دوورگه‌ی بپرسیبایه: ئه‌و قسه‌یه چ بوو، لێت شاردمه‌وه‌وه و مه‌به‌ستت له دۆزینه‌وه‌ی دوورگه چییه؟! ئه‌وكات ئیتر، چوونكه دوورگه‌ش خووی به راستبێژی گرتووه، مه‌جبوور ده‌بوو كه رازه‌كه‌ی خۆی به دایكی بڵێ. به‌ڵام دایكی ده‌یزانی كه دوورگه زۆر رازی خۆش خۆشی هه‌یه و هه‌مووشیانی خۆش ده‌وێ و حه‌زیش ناكات بیاندركێنێ، یانی نایهه‌وێ بۆ كه‌سی دیكه‌ی باس بكات. هه‌ر بۆیه‌ش دایكی پرسیاری لێ نه‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی دوورگه مه‌جبوور نه‌بێ رازه‌كه‌ی خۆی به نابه‌دڵی پێ بڵێ، ئیتر لێی گه‌ڕا تا دوورگه رازه‌خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خۆی له دڵی خۆیدا رابگرێ. له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی دوورگه‌دا، كه گوتی: بۆچی گه‌وره‌كان له هیچ ناترسن، به‌ڵام چووكه‌كان له تاریكی و بێده‌نگی و شوێنی دوور ده‌ترسن؟! دایكی دوورگه گوتی: دوورگه‌گیان حه‌زده‌كه‌م جوان گوێ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ت رابگری، چوونكه ئه‌مجاره‌یان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یانت بۆ من زۆر سه‌خت و گرانه! دوورگه‌گیان ترس له دڵی هه‌موو بوونه‌وه‌رێك دا بوونی هه‌یه. هه‌موو بوونه‌وه‌رێك له هه‌ندێك شت ده‌ترسێ. مرۆڤیش یه‌كێك له‌و بوونه‌وه‌رانه‌یه كه ترسی له‌دڵی دا هه‌یه، یانی له هه‌ندێك شت ده‌ترسێ، جا كارمان به‌وه‌ی نییه ئه‌و بوونه‌وه‌ره گه‌وریه یان بچووكه، چوونكه بوونه‌وه‌ره‌كان له هه‌ر قه‌باره و ئه‌ندازه‌یه‌ك دابن، یان له هه‌ر ته‌مه‌نێك دابن، ترسیان له دڵی دا هه‌یه! ماڵه‌كه‌م دوورگه‌گیان! خۆ ترس هه‌میشه شتێكی خراپ نییه! جارجاره ترسان له نه‌ترسان زۆر زۆر باشتره، به‌تایبه‌ت ترسێك كه گیانی بوونه‌وه‌ره‌كان ده‌پارێزێ زۆر ترسێكی باشه. به‌ڵام به‌گشتی نه‌ترسان له هه‌مووی باشتره. بۆ وێنه: مشك له مرۆڤ و له پشیله ده‌ترسێ، پشیله‌ش له سه‌گ ده‌ترسێ، په‌له‌وه‌ره‌كانیش له راوچییه‌كان ده‌ترسێن. مرۆڤ یه‌ك شتی له بوونه‌وه‌ره‌كانی دیكه باشتره، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: مرۆڤ له نه‌زانین و بێسه‌وادی ده‌ترسێ. مشك هه‌م له مرۆڤ هه‌م له پشیله ده‌ترسێ، ئه‌گه‌ر مشكه‌كه خۆی فریوبدات و به خۆی بڵێ: من له هیچ نا‌ترسێم! ئه‌وه قسه‌یه‌كی راست نییه! به‌ڵكوو ئه‌وه فێڵ له‌خۆ كردنه! فێڵ له‌خۆكردنیش باش نییه! چوونكه ئه‌گه‌ر مشك نه‌ترسێ و رانه‌كاته ناو كونه‌كه‌ی خۆیه‌وه، یا وه‌بن پێی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌وێ، یا پشیله‌یه‌كی وه‌ك پشیله‌كه‌ی ناو فیلم كارتۆنه‌كانی تام و جیریی لێ په‌یدا ده‌بێ و تا باش باش ماندووی ده‌كات، وه‌شوێنی ده‌كه‌وێ. به‌ڵام مشك یه‌ك شتی باشه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ته‌نیا له‌وشتانه ده‌ترسێ كه ده‌بێ لێیان بترسێ، ده‌نا خۆ مشك له تاریكی و له بێده‌نگی و له شوێنی دوور هه‌ر ناشترسێ! مشك زۆرتر له تاریكی و بێده‌نگیدا ده‌چێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی خواردنه‌كانی خۆی. مشك نه له تاریكی ده‌ترسێ، نه له بێده‌نگی، ته‌نیا له مرۆڤ و له پشیله ده‌ترسێ، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش ئازاریان نه‌دابایه له‌وانیش نه‌ده‌ترسا. به‌ڵام دوورگه‌گیان! سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه بۆچی گه‌وره‌كان له هیچ شتێك ناترسن، به‌ڵام چووكه‌كان له هه‌ندێك شت ده‌ترسن؟! ده‌بێ بڵێم: شتی وا نییه، گه‌وره‌كانیش وه‌ك چووكه‌كان له هه‌ندێك شت ده‌ترسن، به‌ڵام وه‌ڕووی خۆیانی ناهێنن. به گشتی گه‌وره‌كان له نه‌زانین ده‌ترسن، بۆیه‌ش هه‌میشه هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه منداڵه‌كانیان فێری زانیاری بكه‌ن. به‌ڵام لێره‌دا چووكه‌كان یه‌ك شتیان له گه‌وره‌كان باشتره، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: ئه‌وان وه‌ك گه‌وره‌كان نین، یانی ئه‌گه‌ر گه‌وره‌كان بشترسێن وه‌ڕووی خۆیانی ناهێنن، به‌ڵام منداڵه‌كان ناتوانن وه‌ڕووی خۆیانی نه‌هێنن، ئاخر منداڵه‌كان زۆر دڵپاكن و ناتوانن وه‌ك گه‌وره‌كان فێڵ له‌خۆیان بكه‌ن، ئه‌وان وه‌ك گه‌وره‌كان نازانن له كاتی ترسان دا خۆیان وا نیشان بده‌ن كه نه‌ترساون. دیاره هه‌ندێك جار ئه‌م حاڵه‌ته باشه، به‌ڵام به‌گشتی باش نییه. ئافه‌ریم بۆ چووكه‌كان! ئافه‌ریم بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی یه‌ك روویان هه‌یه! ئه‌ویش رووی راستگۆیی و راسته‌قینه‌یه! دوورگه ماندوو بووه، دوورگه گوتی: دایه‌گیان زۆر سپاس! جارێ راوه‌سته، ئیتر تاقه‌تم ته‌واو بوو، حه‌زده‌كه‌م درێژه‌ی قسه‌كانمان هه‌ڵبگرین بۆ كاتێكی تر، ئێستا خه‌وم دێ، ده‌بێ بڕۆم بخه‌وم. شه‌وخۆش دایه‌گیان! شه‌و خۆش! دایكی دوورگه‌ش شه‌وشادی به دوورگه گوت و ده‌ستی دایه كتێبێك. دایكی دوورگه خه‌ریكی كتێب خوێندنه‌وه‌یه.
به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه به‌سه‌رهاتی دووهه‌م: دوورگه هه‌موو رۆژێك گه‌وره ده‌بێ، به‌ڵام بۆخۆی هه‌ست به گه‌وره بوونی خۆی ناكات دوورگه زۆر به‌په‌له‌یه له گه‌وره‌بوون. رۆژێكی دوورگه زۆری دڵ به سیروان سووتا. ده‌زانن چییه؟! سیروان زۆر هاروهاجه. خۆ خۆزگه هه‌ر هاروهاجییه‌كه‌ی بوایه! پێم وانییه مامۆستا له‌سه‌ر هاروهاجی له سیروان بدات، من كه نه‌مبینیوه! مامۆستا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سیروان گوێ به‌ده‌رسه‌كانی نادا، گوێی ده‌كێشێت. لاوێن زۆر گه‌وره بووه، لاوێن كچی خاڵمه. جارێكی بابم به خاڵمی گوت: كاخدر ده‌زانی ئه‌و كچه‌ی تۆ زۆر گه‌وره بووه؟! ده‌ڵێی به گوێ هه‌ڵتكێشاوه! خاڵم به‌و قسه‌یه‌ی بابم پێكه‌نی، هیچی نه‌گوت. بابم ده‌زانێ من ده‌مهه‌وێ زوو گه‌وره‌بم، ئه‌ی باشه بۆ گوێم ناكێشێ؟! نا.. نا... من نامهه‌وێ به گوێ كێشان گه‌وره‌بم. حه‌تمه‌ن لاوێنیش وه‌ك سیروان ده‌رسه‌كانی باش ناخوێێ بۆیه بابی گوێی ده‌كێشێ! ئه‌ی باشه بۆ سیروان وه‌ك لاوێن گه‌وره نابێ؟! ئه‌وجاره سیروان به مامۆستای گوت: مامۆستا.. مامۆستا.. تۆسه‌ری بابت گوێم مه‌كێشه، زۆر دێشێ! ئه‌و رۆژه مامۆستا ئه‌وه‌نده پێكه‌نی تا هه‌ردووك چاوی پڕ بوو له گریان. منداڵه‌كانیش وێڕای مامۆستا، ده‌ستیان كرد به پێكه‌نین. من پێ نه‌كه‌نیم، ئاخر نه‌مزانی به چی پێده‌كه‌نن. مامۆستا دوای ئه‌وه‌ی گریانه‌كه‌ی ته‌واو بوو، یه‌ك به‌خۆی هاواری كرد: بێ ده‌نگ..! هاوپۆلییه‌كانم بێده‌نگ بوون. سیروانیش كه تازه ده‌یهه‌ویست پێ بكه‌نێ، له‌ترسان پێكه‌نینه‌كه‌ی له گه‌روو گیرا. مامۆستا به روخسارێكی تووڕه‌وه هه‌ردووك گوێی سیروانی گرت و گوتی: نا.. نا... ئه‌من قسه‌ی مامۆستاكه‌مان ناكه‌مه‌وه، ئاخر مامۆستاكه‌مان قسه‌یه‌كی زۆر ناخۆشی به سیروان گوت. سیروان گوتی: ها..؟! به‌ڵێ.. به‌ڵێ...! نازانم...! مامۆستا كام قسه ده‌ڵێی؟! مامۆستا زوو زوو قسه ناخۆشه‌كه‌ی به‌سه‌ر سیرواندا دووپات ده‌كرده‌وه و لێی ده‌پرسی: ئه‌و قسه‌یه له كێ فێر بووی؟! كه‌س نه‌یده‌زانی مامۆستا باسی كام قسه‌ده‌كا. سیروانی فه‌قیریش به‌ده‌م گریانه‌وه زوو زوو له‌مامۆستای ده‌پرسی: مامۆستا.. مامۆستا.. كام قسه ده‌ڵێی مامۆستا؟! منداڵه‌كان هه‌روا بێده‌نگ بوون، من زۆرم خه‌می سیروان بوو. ئاخرییه‌كه‌ی مامۆستا گوتی: ئه‌وه له كێ فێربووی به سه‌ری بابی خه‌ڵك سوێند بخۆی؟! مامۆستا زمانی خوار كرده‌وه و لچی داشۆڕاند و به دمه‌لاسكه‌وه رووی كرده ئێمه و قسه‌كه‌ی سیروانی دووپات كرده‌وه: مامۆستا.. مامۆستا.. تۆسه‌ری بابت گوێم مه‌كێشه، زۆر دێشێ...! سیروان هۆڕ هۆڕ ده‌ستی كرد به گریان. زه‌نگی كۆتایی لێدرا. ده‌نگی سیروان و ده‌نگی زه‌نگ تێكه‌ڵ بوون. مامۆستا گوێی سیروانی به‌ردا. سیروان گوێچكه‌كانی سوور سوور ببوونه‌وه. مامۆستا جانتاكه‌ی هه‌ڵگرت و به تووڕه‌ییه‌وه چووه ده‌رێ. خۆزگه ئه‌و مامۆستایه مامۆستای ئێمه نه‌بوایه! سیروان زۆر هاروهاجه. هه‌ركه مامۆستا له پۆل رۆیشته ده‌رێ سیروانیش گریانه‌كه‌ی گۆڕی و ده‌ستی كرد به پێكه‌نین و به هه‌ڵبه‌ز هه‌ڵبه‌ز رۆیشته ده‌رێ. من ئاخرییه‌كه‌ی نه‌مزانی، گوێ كێشان بۆ گه‌وره بوون باشه یان نا؟! نه‌شمزانی سیروان گریانه‌كه‌ی به‌راستی بوو یان به قه‌ستی؟! هه‌روه‌ها نه‌شمزانی كه بۆچی مامۆستاكه‌مان له‌و قسه‌یه‌ی سیروان تووڕه بوو؟! ئه‌گه‌ر دوورگه ئه‌و پرسیارانه‌ی له من كردبایه ئاوا وه‌ڵامم ده‌دایه‌وه: نا.. دوورگه گیان! گوێ كێشان بۆ گه‌وره بوون باش نییه. ئه‌و قسه‌یه‌ی كه بابت سه‌باره‌ت به لاوێن، به خاڵتی گوت، ئه‌وه جۆره قسه‌كردنێكه تایبه‌ت به گه‌وره‌كانه، كه ته‌نیا بۆخۆیان لێی حاڵی ده‌بن. تۆش ئه‌گه‌ر په‌له نه‌كه‌ی، وره‌ده ورده، له داهاتوودا، تێده‌گه‌ی كه مه‌به‌ست له‌م جۆره قسانه چییه. سیروانیش به‌راستی گریابوو، ئه‌ی نه‌تدیبوو گوێچكه‌كانی وه‌ك ئاوره سوور هه‌ڵگه‌ڕابوون؟! به‌ڵام سیروان بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كان پێی نه‌ڵێن: گرینۆكه، له‌خۆڕا ده‌ستی كرد به پێكه‌نین و هه‌ڵاته ده‌رێ، ده‌نا زۆر زۆریش ئازار به گوێچكه‌كانی گه‌یشتبوو. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه: بۆچی مامۆستا كه‌تان له قسه‌كی سیروان تووڕه بووه؟! ده‌بێ بڵێم: دوورگه گیان! هه‌ندێك قسه هه‌یه كه باش نین، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك له گه‌وه‌ركان له‌وجۆره قسانه زۆر ده‌كه‌ن. هه‌ندێك له منداڵانی ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ش كه گه‌وه‌ره‌كانیان قسه‌ی ناحه‌ز ده‌كه‌ن، چاو له دایك و بابیان ده‌كه‌ن و له شوێنی دیكه ئه‌و قسه ناحه‌زانه به‌خه‌ڵكی ده‌ڵێنه‌وه. ئه‌و قسه‌یه‌ی سیروانیش له‌و جۆره قسانه بوو. بۆیه‌ش مامۆستاكه‌تان پێكه‌نی، چوونكوو پێَی سه‌یر بوو منداڵێكی له ته‌مه‌نی ئیوه‌دا چۆن فێر بووه كه به سه‌ری بابی سوێندی بدات. به بڕوای من منداڵه‌كان نابێ هه‌موو قسه‌یه‌كی گه‌وه‌ره‌كانیان دووپات بكه‌نه‌وه، به‌ڵكوو ده‌بێ بۆخۆیان به‌و هه‌موو وشه جۆراوجۆره‌ی فێری بوون، ره‌سته‌ی جوان و قسه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان ساز بكه‌ن و بیكه‌ن. ئه‌گه‌ر گه‌وه‌ره‌كان هه‌ر قسه‌یه‌كی كردیان و منداڵه‌كانیش دووپاتیان كرده‌وه، ئه‌وه ئیدی ئێوه چ جیاوازییه‌كتان له‌گه‌ڵ تووتییه دیله‌كانی ناو فیلمه هیندییه‌كان هه‌یه؟! دوورگه به‌هیوایه بچێته‌وه بۆ ماڵێ و به‌سه‌رهاتی ئه‌مڕۆش بۆ دایكی بگێرێته‌وه، بۆ رۆژانیشی ده‌گێڕێته‌وه. دوورگه ده‌یهه‌وێ ئه‌و پرسیارانه‌ی ئه‌مڕۆ بۆی هاتبوونه پێشێ، هه‌موویان له دایكی بپرسێ. دوورگه ده‌زانێ هه‌ر پرسیارێكی له دایكی بكات، دایكی وه‌ڵامێكی وای ده‌داته‌وه كه باش باش تێ بگات. به‌ڵام من دڵنیام، ئه‌و وه‌ڵام و رێنوێنیانه‌ی دایكی دوورگه‌ش كه قه‌راره بۆ دوورگه‌ی باس بكا ، له ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی ئه‌من بۆ دوورگه‌م نووسیوه، زۆر له‌یه‌ك ده‌چن. دوورگه گیان زوو بڕۆوه. له رێگه خۆت مه‌حته‌ل مه‌كه. دایكت نیگه‌رانت ده‌بێ. به‌سه‌رهاته‌كانی دوورگه. به‌سه‌رهاتی یه‌كه‌م: رۆژێك بوو رۆژێك نه‌بوو، كچێكی بچكۆله بوو ناوی " دوورگه " بوو. دوورگه رۆژێك به دایكی ده‌ڵێ: ئه‌رێ دایه دوورگه یانی چی؟ دایكی ده‌ڵێ: له زه‌ریا گه‌وره گه‌وره‌كاندا هه‌ندێك جێگای ویشكایی هه‌یه كه هه‌ر چوار ده‌وریان ئاوه و زۆر زۆریش له ئێمه دوورن. دوورگه حه‌زی له شوێنی ویشكایی نییه، حه‌زده‌كا هه‌موو شوێنێك بارانی لێ ببارێ و هه‌موو شوێنێك دار و باخ و بوونه‌وه‌ری جۆراوجۆری لێبێ. دایكی دوورگه هه‌ستی كرد له‌وانه‌یه وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی دوورگه‌ی به‌باشی نه‌دابێته‌وه، هه‌ر بۆیه درێژه‌ی به قسه‌كانی دا و گوتی: دوورگه گیان مه‌به‌ستم له ویشكایی ئه‌وه نییه كه ئه‌و دوورگانه هه‌ر ویشك ویشك بن و هیچ رووبار و بوونه‌وه‌رێكیان لێ نه‌بێ! مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌و دوورگانه له ناو دڵی ئاوه‌كان هه‌ڵكه‌وتوون و پڕ پڕن له شاخ و كانی و رووبار و گوڵ و گوڵزار و بوونه‌وه‌ری جوان و بوونه‌وه‌ری ناشیرن و سامناك و له‌چاو ده‌ریاكان ویشكن. دوورگه هێشتا به ته‌واوی نازانێ بۆچی به هه‌ندێك بوونه‌وه‌ر ده‌ڵێن جوان و به‌هه‌ندێك بوونه‌وه‌ری دیكه ده‌ڵێن ناشیرن و سامناك؟! دایكی دوورگه بۆ ئه‌وه‌ی جوانتر مه‌به‌سته‌كه‌ی خۆی به دوورگه بگه‌یه‌نێ ده‌ڵێ: هه‌ندێك له دوورگه‌كان وه‌ك وڵاتی ئێمه ئاو و هه‌وایه‌كی زۆر خۆشیان هه‌یه و بۆ ئه‌وه‌ی ده‌بێ كه مرۆڤه‌كان تێیدا بژین و خۆشحاڵ بن، به‌ڵام هه‌ندێك له دوورگه‌كان ئاو و هه‌واكه‌یان زۆر ناخۆشه و مرۆڤه‌كان ناتوانن تێیدا بژین و كه‌متر بوونه‌وه‌رێكانی تریش ده‌توانن تێیدا زیندوو بمێننه‌وه. دوورگه زۆر جار له دایكی وشه‌ی" زیندوو"ی بیستووه، دوورگه ده‌زانێ دوو وشه‌ی " زیندوو " و " مردوو " دوو وشه‌ی دژی یه‌كترن. وه‌ك چۆن شه‌و دژی رۆژه و سه‌رما دژی گه‌رمایه. دوورگه فێر كراوه كه هه‌رشتێك به چاو ببیندرێت و بجووڵێت پێی بڵێ ئه‌و شته زیندووه. هه‌روه‌ها فێر كراوه هه‌رشتێك له‌به‌ر چاو نه‌مێنێ و له جووڵه و هاتووچۆ رابوه‌ستێ ئه‌و شته‌ش مردوو. دوورگه قه‌ت حه‌زناكه له جووڵه راوه‌ستێ و بمرێ، ئه‌و یاری كردن و فێربوونی زانست و زانیاری له هه‌موو شتێك پێ خۆشتره. دایكی دوورگه زانی به‌و قسانه‌ی، كچه جوانه‌كه‌ی خۆی خستۆته ناو بیر و خه‌یاڵاته‌وه،هه‌ر بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی دوورگه زانیاریی زیاتر سه‌باره‌ت به دوورگه فێر بێت، درێژه به قسه‌كانی ده‌دات و ده‌ڵێ: دوورگه‌گیان له دوای ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان كه‌شتی و به‌له‌میان سازكرد، ده‌ستیان كرد به سه‌فه‌ر، له كاتی سه‌فه‌ر یشدا زۆر دوورگه‌یان دۆزییه‌وه كه پێشتر هیچ مرۆڤێكی لێ نه‌ژیابوو، زۆر دوورگه‌شیان دۆزییه‌وه كه مرۆڤی تێدا بوو ، زۆریه‌ك له‌و دوورگه خۆشانه‌ی كه مرۆڤی تێدا نه‌بوو له لایه‌ن مرۆڤه‌كانه‌وه ئاوه‌دان كرانه‌وه و كران به وڵاتی خۆیان. مرۆڤه‌كانی ئه‌و دوورگانه‌ی كه هیچكات مرۆڤی دیكه‌یان نه‌بینی بوو و سه‌فه‌ریشیان نه‌كردبوو، ده‌ستیان كرد به كوچ و سه‌فه‌ر، چوون بۆ وڵاتانی دیكه و به‌سه‌رسامییه‌وه سه‌یری ئه‌و خه‌ڵكانه‌یان ده‌كرد كه هیچكات نیانبینی بوون. به‌شێك له‌و مرۆڤانه‌ی كۆچیان كرد بۆ وڵاتانی دیكه، بۆ هه‌تا هه‌تایه له‌و وڵاتانه‌دا مانه‌وه و به‌شێیكیشان گه‌رانه‌وه بۆ دوورگه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خۆیان. دوورگه بیری له‌وه ده‌كرده‌وه كه: تۆ بڵێی دوورگه‌ی دیكه هه‌بێ كه تا به ئێستا هیچ مرۆڤێك پێی پێ نه‌گه‌یشتبێ و نه‌یدۆزیبێته‌وه؟! دوورگه له‌به‌ر خۆیه‌وه بیری له‌وه ده‌كرده‌وه كه خۆزگه بیتوانیبایه ئه‌گه‌ر گه‌وره بوو به‌له‌مێكی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێ و بچێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی دوورگه‌یه‌ك كه كه‌س كه‌س پێی نه‌زانیبێت! دوورگه خه‌ریك بوو له خه‌یاڵیدا دوورگه‌یه‌كی به‌تاڵ له مرۆڤ و پڕ پڕ له بوونه‌وه‌ری جۆاوجۆری وێنا ده‌كرد و بیری له‌وه ده‌كرده‌وه چۆن چۆنی تێیدا بژیت؟! دوورگه له‌و خه‌یاڵاتانه‌دا بوو كه دایكی كوتووپڕ گوتی: دوورگه گیان وه‌ك ده‌ڵێن: پێده‌چێ هه‌ندێك دوورگه‌ی دیكه‌ش هه‌بێ كه كه‌س كه‌س تا به ئێستا نه‌یتوانیبێ بیدۆزێته‌وه. دوورگه، یه‌كه‌م جار پێی ناخۆش بوو كه دایكیشی بیری به‌لای دوورگه‌ی نه‌دۆزاوه‌دا چووه و پێشی ناخۆش بوو كه خه‌ڵكی دیكه‌ش ده‌زانن كه دوورگه‌ی نه‌دۆزراوه هه‌یه، ئاخر پێی وا بوو ئه‌و بیره ته‌نیا به زه‌ینی خۆی گه‌یشتووه، به‌ڵام دوایه بۆی گرنگ نه‌بوو و گوتی: قه‌یناكه با خه‌ڵك بزانن كه دوورگه‌ی دیكه‌ش هه‌ن كه نه‌دۆزراونه‌ته‌وه، به‌ڵام خۆ خه‌ڵك نازانن من به‌هیوام كه گه‌وره بووم به‌دوای دوورگه‌ی خۆمدا بگه‌رێم، خۆزگه‌م به خۆم كه كه‌س ئه‌م رازه‌ی من نازانێ، له‌وانه‌یه به رۆژان بڵێم، چوونكه رۆژان زۆر هاورێیه‌كی باشه و قه‌ت رازه‌كانی مه‌ن به‌كه‌س ناڵێ، دایكیشم بۆ ئه‌و شتانه زۆر باشه، به‌ڵام به دایكم نه‌ڵێم باشتره، ئاخر دایكم زۆری خۆش ده‌وێم و ده‌ترسم نیگه‌رانم بێ، دایكم پێی وایه چونكه ئه‌و دوورگانه بوونه‌وه‌ری ده‌ڕه‌نده‌ی لێیه ئیتر من له‌وێ گورگ و شتی وا ده‌مخۆن، به‌ڵام دایكم نازانێ كه من ئه‌وه‌نده به‌هێزم كه ده‌توانم له‌گه‌ڵ هه‌موو بوونه‌وه‌ره ده‌ڕه‌نده‌كانیش ببم به هاورێ و نه‌هێڵم ئازارم پێ بگه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها دایكم نازانی من هه‌موو رۆژێ گوێ بۆ ده‌نگی چۆله‌كه و كۆتره‌باریكه و پشیله و هه‌موو هه‌موو شتێك راده‌گرم و ده‌مهه‌وێ فێری زمانه‌كه‌ی ئه‌وانیش بم! خۆزگه‌م به‌خۆم كه ئه‌و هه‌موو رازه خۆشه‌م هه‌یه و خۆزگه‌م به‌خۆم كه ناوم دوورگه‌یه و خۆزگه‌م به خۆم كه ده‌مهه‌وێ له داهاتوودا سه‌فه‌ر بكه‌م. به‌ڵام نابێ له‌بیرم بچێ ده‌بێ دوای سه‌فه‌ره‌كه‌م بگه‌رێمه‌وه، ئاخر بابم ده‌ڵێ هیچ جێیه‌ك له نیشتمان و وڵاتی خۆمان خۆشتر نییه، كارم به‌وه‌ی نییه، با بابم نیشمانی خۆی پێ خۆش بێ و قه‌ت به‌جێی نه‌هێڵێ، به‌ڵام من نیشتمانه‌كانی دیكه‌شم پێ خۆشه و ئه‌گه‌ریش بگه‌رێمه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆم ته‌نیا له‌به‌ر دایكم و هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌كانم ده‌گه‌رێمه‌وه، ئاخر من ئه‌وانم زۆر خۆش ده‌وێ و ناكرێ له‌گه‌ڵ خۆمیان ببه‌م، چوونكه ئه‌وان زمانی كۆتر و ئاژه‌ڵه‌كان و" با" و باران نازانن و له‌وانه‌یه له سه‌ر زه‌ریا تۆفان بێت و نه‌توانن خۆیان رزگار بكه‌ن. درباره وبلاگ ![]() منداڵان ئه‌وه‌یان باشه كه نازانن فریودانی خه‌ڵك چییه، خه‌ڵ به چاو ئه‌ڕوانن، به لێو پێ ئه‌كه‌نن و به زار ئه‌دوێن، له‌كاتێكا منداڵان هه‌مووی ئه‌مانه به دڵ ئه‌كه‌ن. ......................................... پیوندهای روزانه پيوندها |
||